تەندروستیی ئیسرائیل: لە ئەنجامی هێرشکەی ئێران 3 کەس کوژران و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون

 سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی ئێران، مووشەکێک بەر ناوچەی بیر سەبع کەوتووە.

ئەو کەناڵە دەشڵێت: هێرشەکە ئێران زیانی بە باڵەخانەیەکی باشووری ئیسرائیل گەیاندووە و چەند باڵەخانەیەکی دیکەش زیانیان پێ گەیشتووە.

 تەندروستیی ئیسرائیل دەڵێت: مووشەکێکی ئێرانی ڕاستەوخۆ بەر باڵەخانەیەکی بیر سەبع کەوت و لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە سێ کەس کوژران و شەش کەسی دیکەش  بریندارن کە باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.

ئەمبولانسی ئیسرائیلی دەڵێت: هەوڵ دەدەین بگەینە ئەو کەسانەی کە لەناو ئەو باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگه‌یاند، ئێران شه‌پۆلێكی دیكه‌ی مووشه‌كی هاوێشتووە و له‌ ته‌لئه‌ڤیڤ و حه‌یفا و زۆربه‌ی شار و ناوچه‌كانی دیكه‌یش زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێ دراوە.

هاوكات كه‌ناڵی ئیسرائیل12 ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ له‌ شاری حه‌یفا ده‌بیسترێت. 

دوێنێ دووشەممە،  دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ تویتێكدا ئاگربەستی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگه‌یاند و گوتی، جیهان پێشوازیی له‌م بڕیاره‌ ده‌كات، هاوكات پیرۆزبایی له‌ جیهان، ئێران، ئیسرائیل و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد.

دۆناڵد تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، دوای 24 كاتژمێری دیكه‌، ئێران و ئیسرائیل به‌ فه‌رمی شه‌ڕ ڕاده‌گرن. سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتیشی، خه‌ریك بوو به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وێران بێت. 

تره‌مپ باسی له‌وه‌ش كرد، ئێران ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌كات و شه‌ش كاتژمێری یه‌كه‌م شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات ئیسرائیل له‌ 12ـه‌مین كاتژمێر شه‌ڕ ڕاده‌گرێت و ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌یه‌نێت.