دوای ڕاگەیاندنی ئاگر بەست، ناتانیاهۆ داوای لە وەزیرەکانی کردووە بێدەنگ بن

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە وەزیرانی ئیسرائیل کرد، هیچ لێدوانێک لەسەر لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ئاگربەست لەگەڵ ئێران نەدەن. 

هاوکات ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، تەلئەڤیڤ لە ئێستاوە لە ئاگربەست لەگەڵ تاران نزیک بووەتەوە.

بەرپرسان پشتڕاستیان کردەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەدرێژایی شەوی ڕابردوو بە چڕی بەردەوام بوو. 

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست، یان وەستاندنی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران نییە.

عراقچی، لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە "دوا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە وەستاندنی هێرشە سەربازییەکانی تاران دواتر دەدرێت."

عراقچی گوتیشی: ئەگەر ئیسرائیل تا کاتژمێر 4:00ـی بەیانی بە کاتی تاران دەستدرێژییە نایاساییەکانی بۆ سەر ئێران بوەستێنێت، ئەوا ئێمە هیچ نیازی بەردەوامیی هێرشەکانمان نابێت.

دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئاگربەستی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕێککەوتوون.

ترەمپ لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نووسیویەتی: دوای 24 کاتژمێر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە فەرمی کۆتایی دێت.

ترەمپ ڕوونی کردەوە ئێران لە دوای نزیکەی شەش کاتژمێر ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکات، دواتر ئیسرائیل دوای 12 کاتژمێر.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment