فڕۆکەخانەی هەولێر گەشتە ئاسمانییەکانی دەست پێ کردەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتە ئاسمانییەکانی دەست پێ کردەوە و ئاسمانی عێراقیش بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە.
سێشەممە، 24-06-2025، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە دەستیان پێ کردەوە، ئەمەش دوای کردنەوەی ئاسمانی عێراق.
دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق، ڕاگیرابوون.
دووشەممە، 23-06-2025، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکـوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، دوای داخستنی ئاسمانی عێراق لە ماوەی 10 ڕۆژدا هەزار و 283 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێر هەڵوەشاوەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەزار و 184 گەشت هەڵوەشاوەتەوە و لە فڕۆکەخانەی سلێمانیش 99 گەشت هەڵوەشاوەتەوە.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە هەردوولا کرد، پابەندی ئاگربەستەکە بن، تا ئاشتی لە ناوچەکە بەدی بێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.