تەلەڤزیۆنی ئێران: زانایەکی ئەتۆمی لە باکووری ئێران کوژرا
تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری ئەو وڵاتە، زانایەکی ئەتۆمی کوژرا، ئەمەش پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕابگەینێت و بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە "هەندێک سەرچاوە هەواڵی تیرۆرکردنی محەممەد ڕەزا سەدیقی سابر، لە ماڵی باوکی لە ئەستانەی ئەشرەفیە، لە باکووری ئێران لە نزیک دەریای قەزوین، بڵاو کردەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، کوڕە 17 ساڵانەکەی چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵەکەیان لە تاران کوژراوە. محەمەد ڕەزا سەدیقی سابر، لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادا بوو.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیەند "ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد."
کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند "دوای 12 ڕۆژ شەڕ، ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی تاران ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها ناتانیاهۆ وەزیرەکانی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ئاگادار کردووەتەوە."
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئێران پێنج شەپۆلی دیکەی مووشەکی بەرەو چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل هەڵداوە."
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر زەنگی ئاگاداری هێرشی ئاسمانی، لە چەند ناوچەیەکی سەرانسەری ئیسرائیل لێ درا."
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران 15 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیش کارا کراون.