تەندروستی عێراق ھۆشداری دەدات

ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا رووی لە ھەڵكشانە

K24 - ھەولێر

وەزارەتى تەندروستى عێراق پێشبینی دەکات، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا، بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر بچێت.

لە راگەیەنەراوێکدا وەزارەتى تەندروستى و ژینگەی عێراق، هۆشداریدا لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی دۆخی تەندروستی و رایگەیاند "سەرەڕای جەختکردنەوەى بەردەوام، بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى خۆپارێزى، بەڵام رۆژانە بەرزترین ئامارى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار دەکرێت، ئەمەش بەهۆى پابەندنەبوونى زۆرینەى هاووڵاتیانە بە رێوشوێنەکان".

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ ھەینی 4/9/2020، زیاتر لە 5 ھەزار حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە عێراق تۆمار كرا، لەماوەی 24 كاتژمێریشدا 84 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی دوایین ئامار تائێستا 252 ھەزار و 75 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەشدا 7 ھەزار و 359 كەس گیانیان لەدەستداوە، و  191 ھەزار و  368 تووشبووی دیكەش چاكبوونەتەوە.