ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات

ئاڵای وڵاتانی ئەندام لە  ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو
ئاڵای وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە دەوحە دەکەن.

جاسم محەممەد بدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ, سێشەممە، 24-06-2025، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، 49ـەمین کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وڵاتانی هاوکاریی کەنداو بەڕێوە دەچێت.

جاسم بدێوی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، عەبدوڵڵا یەحیا، وەزیری دەرەوەی کوەیت سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە دەکات، هەروەها وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوکاریی کەنداو تێیدا بەشدار دەبن و لە میانیدا دوایین پێشهاتەکانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر قەتەر، دۆخی ناوچەکە بە گشتی و ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران، تاوتوێ دەکرێت. 

پێشتریش ئەنجوومەنەکە داوای کردبوو کۆتایی بە گرژییەکانی ئیسرائیل و ئێران بهێنرێت. هەروەها ڕۆژانی 21 و 22 ـی مانگ، وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکە لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و تێیدا جەخت لە ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران کرایەوە.

ئێوارەی دوێنێ، دووشەممە، 23-06-2025ـی سوپای پاسداران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی "عودەید"ـی سەربازانی ئەمەریکا لە قەتەر. وەزارەتی بەرگریی قەتەر ڕایگەیاندووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتووەتەوە سەرکەوتووانە پووچەڵ کراوەتەوە. 

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە هەردوولا کرد، پابەندی ئاگربەستەکە بن، تا ئاشتی لە ناوچەکە بەدی بێت. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.