ڕووسیا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکات

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) پێشوازی لە ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و ئێران دەکات و گوتی، لە سەرەتای جەنگەوە داوای ئاگربەستمان کردووە.

سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) پێشوازی لە ئاگربەستەکەی ئێران و ئیسرائیل دەکات و ڕایگەیاند، ئەگەر بەڕاستی ئەو دوو وڵاتە ڕێککەوتبن، ئەوە ئێمە پێشوازیی لێ دەکەین.

گوتیشی: ڕووسیا لە سەرەتایی دەست پێ کردنی جەنگەکە داوای ئاگربەستی کردووە. هیواشی خواست کە ئاگربەستێکی پتەو و سەقامگیر بێت.

پیسکۆڤ باسی لەوەش کرد، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ ستایشی هەڵوێستە ڕوونەکەی ڕووسیا کردووە.

هاوکات لەبارەی ئەوەی کە عراقچی نامەیەکی عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەیاندووتە دەست سەرکردەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، هیچ نامەیەکمان پێ نەگەیشتووە، تەنیا چەند هێماییەکمان لەو سەرکردەیەوە بۆ هاتووە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.