ترەمپ: ئێستا چین دەتوانێت نەوت لە ئێران بکڕێت
ترەمپ: هیوادارم چەند ئەنجامێکی گرنگ لە لوتکەی ناتۆ بەدەستبهێنین
سەرۆکی ئەمەریکا دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕایگەیاند، ڕێگە بە چین دەدەین نەوت لە ئێران بکڕێت. هاوکات لەبارەی لوتکەی ناتۆش گوتی: هیوادارم چەند ئەنجامێکی گرنگ بەدەست بهێنین.
سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: چین دەتوانێت ئێستا نەوت لە ئێران بکڕێت.
هەروەها هیواشی خواست کە چین بڕێکی زۆر نەوت لە ئەمەریکاش بکڕێت، ئاماژەشی داوە، ئەگەر چین ئەو کارە بکات ئەوە شانازییەکی مەزن دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسیویەتی: دوای ئەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوویدا، لە ڕێگام بۆ بەشداریی کردن لە لوتکەی ناتۆ، کە دەکرا شتی باشتر لە نێوانیان ڕوویدابا.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، بەوپەڕەی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دیداری سەرکردەکانی ئەورووپام. هیواشی خواست، چەند ئەنجامێکی گرنگ لە کۆبوونەوەکە بەدەستبهێنن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
لوتکەی ناتۆ دوو ڕۆژ دەخایەنێت و بڕیارە چەند مەلەفێک گفتوگۆیان لەسەر بکرێت لەوانەش, ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران، شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، هەروەها زیادکردنی خەرجی بەرگریی ووڵاتان بەرێژەی 5%.
کۆتا لوتکەی ناتۆ ساڵی ڕابردوو لە ئەمەریکا بەڕێوە چوو، بۆ ئەمساڵیش بە سەرۆکایەتیی 32 سەرۆک و سەرۆک وەزیران، لە هۆڵەندا بەڕێوە دەچێت.