ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر کرا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی ڕاگرتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، لەلایەن کۆنگرێسی وڵاتەکەی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر کرا.
سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، بادی کارتەر، نوێنەری کۆمارییەکان لە ویلایەتی جۆرجیا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، نامەیەکی بۆ لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نووسیوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆڵێکی بەرچاو و مێژوویی لە کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران گێڕاوە.
کارتەر لە نامەکەدا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترامپ ڕۆڵی سەرەکی لە دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی خێرا لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هەبووە، کە زۆر کەس بە ئەستەمیان دەزانی، هاوکات ئەو بوێرانە و یەکلاکەرەوانە بەرنامەی ئەتۆمییەکانی ئێرانی ڕاگرت و ئێرانی لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بێ بەشکرد.
لە نامەکەشدا هاتووە، سەرکردایەتیکردنی دۆناڵد ترەمپ لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان نموونەی ئەو تایبەتمەندانەیە کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە مەرجی زانیووە، لەوانیش هەوڵدان بۆ ئاشتی، ڕێگریکردن لە شەڕ و پێشخستنی هاوسەنگی نێودەوڵەتی.
کارتەر لە کۆتایی نامەکەیدا نووسیویەتی: ترامپ دووبارەی هیوای بە جیهان بەخشی، بۆیە، من دۆناڵد ترەمپ، 47 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکەم.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.