تەندروستیی غەززە: ئیسرائیل 56 کەسی لە کاتی نۆرەی وەرگرتنی هاریکاریی مرۆییدا کوشتووە

لە دوای ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە زیاتر لە 56 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و نزیکەی 132 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، بەهۆی دوایین هێرشی ئیسرائیل 56 کەس لەکاتی نۆرەی وەرگرتنی هاریکاریی مرۆییدا کوژراون. 

راستەوخۆ دوای ئاگربەستی شەڕی 12 رۆژەی لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چر کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززەی کرد، سەرنجی گەورەی هێرشەکان لەسەر ناوەندەکانی دابەشکردنی هاریکاریی مرۆیی بووە.

تەندروستی غەززە ڕایگەیاندووە بەهۆی دوایین هێرشی ئیسرائیل 80 هاووڵاتی کوژراون، 56 لە کوژراوان لەنۆرەی وەرگرتنی هاریکاریی مرۆیی لەناوەندەکانی دابەشکردنی هاریکاری بوون.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە 27ـی مانگی ئایارەوە 516 هاووڵاتی لە چاوەڕوانی و نۆرەی وەرگرتنی خۆراک و هاریکاریی مرۆیی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و سێ هەزار و 799 هاووڵاتی دیکەش بریندارکراون.