مارک ڕوتە: ئەمەریکا پشتیوانێکی سەرەکی ناتۆیە

لەچوارچێوەی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کە بە بەشداریی 32 سەرۆک و سەرۆک وەزیران لەشاری دەنهاغ لە هۆڵەندا دوێنێ دەستی بەکارەکانی کردووە و ئەمڕۆش بەردەوامە،  مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمەریکا بەهێزترین پشتیوانی و داکۆکیکاری ناتۆیە.

چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە لە ناتۆ بەرگریی لەیەک دەکەین کاتێک دەکرێینە ئامانج، ناتۆ بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی ڕێژەی پێنج لە سەدی سیستەمی بەرگریی وڵاتان، گوتیشی: ئەگەر دۆناڵد ترەمپ نەبووبایە ئەو ڕێژەیە زیاد نەدەبوو، هەڕەشەکانی ڕووسیا و چینیش بەردەوام دەبوون.

لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە و ئیسرائیلەوە، سکرتێری گشتی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد، هێرشی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران گرنگ بوون بۆ لاوازکردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، گوتی:  ئێمە پشتیوانیی هەوڵەکانی ئەمەریکا دەکەین لەو بارەوە، ڕایگەیاند: ئەوەی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپ دەیکەن، ترلیۆنان دۆلار خەرج دەکەن بۆ سوپا و پاڵپشتیی کردنی ناتۆ، ئەمەریکا هەموو داکۆکییەک لە ناتۆ دەکات، دەشڵێت: ئەمەریکا هاوپەیمانێکی مەزنی ناتۆیە، سەدا پەنجا زیاتری خەرجییەکانی ناتۆ خەرج دەکات.

مارک ڕوتە پێی وابوو،  پێویستە بەشداریی ئەمەریکا بە پشتیوانیی کردنی دارایی بۆ ناتۆ کەم بکرێتەوە و ڕۆڵی وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بکرێت، گوتی: دەمانەوێت بە دادپەروەری خەرجییەکان دابەش بکەین لە ناتۆ.

لوتکەی ناتۆ لە دانهاخ لە هۆڵەندا کە لە دوێنێ 24ـی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە،، زیاتر لە 2 هەزار ڕۆژنامەنووسی میدیای جیهان ڕووماڵی ڕووداو و گفتوگۆکانی دەکەن، سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی 32 وڵاتی جیهان لە لوتکەکەدا بەشدارن.