ترەمپ: ڕەنگە بەم زووانە جەنگ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵگیرسێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: هێرشەکانمان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون، دامەزراوەکان ئێستا بە تەواویی لەکار کەوتوون.
چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەراوێژی لوتکەی ناتۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی هات و جارێکی دیکە هەڵناگیرسێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، پێشتر گوتبووم، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هێرشەکانمان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و دامەزراوەکان ئێستا بە تەواویی لەکار کەوتوون.
جەختی لەوە کردەوە، توانای بەرپەرچدانەوەی ئەمەریکامان بۆ هەموو جیهان دووپات کردەوە، کە هاوشێوەی نییە. ئەندامانی ناتۆ گوتیان هەرگیز شتی وامان نەدیوە.
دەشڵێت: دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد و توانای ئێرانمان لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ چەندان ساڵ دواخست، هەروەها هێرشەکانی ئێمە، کۆتاییان بە جەنگی جیهانیی سێیەم هێنا.
ترەمپ، ئاماژەی بەوەش کرد، شەڕەکە کۆتایی هات، هەردوولا ماندوون، زۆر بە سەختی شەڕیان کرد.. لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان شەڕی نێوانیان دووبارە دەست پێ بکاتەوە، لەوانەشە بەم زووانە بێت.
لەبارەی لوتکەی ناتۆوە، گوتی: لە لوتکەکە دەستکەوتی زۆر گەورەمان بەدەست هێنا، ئەندامانی ناتۆ ڕازیبوون خەرجی بەرگریی بگەیننە %5ـی بەرهەمی ناوخۆ، ئەمەریکا دوو لەسەر سێی خەرجی ناتۆی لە ئەسۆیە.
لەبارەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: هیواخوازم بە زوویی جەنگی نێوانیان کۆتایی بێت، هەفتەی ڕابردوو 7 هەزار سەربازی هەردوولا لەنێو چوون، بۆردومانی سەر شارەکان بەردەوامن، ئەگەر سەرۆک بام ئەو جەنگە هەرگیز ڕووی نەدەدا.
گوتیشی: ڕاپۆرتە درۆینەکانی نیویۆرک تایمز و سی ئێن ئێن، منی بێزار کردووە، ناوم لە نیویۆرک تایمز ناوە شکستخواردوو.
ترەمپ باسی لە فرۆشتنی نەوت بە چین کرد و ڕایگەیاند: ئەمەریکا دەتوانێت نەوت بە چین بفرۆشێت، بەڵام من خۆم نامەوێت ئەو کارە بکەم، دەمەوێت ئێران ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بنیات بنێتەوە، ئێستا ئێران زۆر پێویستی بە پارەیە.
لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئێران، ترەمپ، دەڵێت: هەفتەی داهاتوو دانوستان لەگەڵ ئێران دەکەین، لەوانەیە ڕێککەوتنێک واژۆ بکەین.
لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: سەرۆک ترەمپ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر کەسێک کە ئاشتی دەوێت، هەمووان پەیوەندیی ئاشتیمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان دەوێت.