ترەمپ: پەیامنێری سی ئێن ئێن بکەنە دەرەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشی کردە سەر پەیامنێری کەناڵی(سی ئێن ئێن) ناتاشا بێرتراند، چونکە یەکەم هەواڵی لەبارەی ڕاپۆرتی هەواڵگریی ئەو وڵاتە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بڵاو کردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تروس بڵاوی کردەوە، پێویستە ناتاشا بێرتراند لە کەناڵی(سی ئێن ئێن) دەربکرێت، چونکە سێ ڕۆژە هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە. ترەمپ دەڵێت: "پێویستە سەرزەنشت بکرێت، دواتر وەک سەگ فڕێ بدرێتە دەرەوە"
ترەمپ، ئەو پەیامنێرە ئەمەریکاییەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، تۆمەتبار کرد و گوتی: ئەو، هەوڵی شێواندنی ئابڕووی فڕۆکەوانەکانمان دەدات کە ئەرکێکی گرنگ و سەرکەوتوویان بە وردیی جێبەجێ کرد.
گوتیشی: ڕوخساری ناتاشا بۆ دەرکەوتن لە شاشە گونجاو نییە. ئەو لەو کەسانەیە، ناوی تۆڕی هەواڵیی(سی ئێن ئێن)ـی شێواندووە کە پێشتر ناوێکی زۆر گەورە و پڕ بایەخ بوو.
ناتاشا بێرتراند، یەکەم پەیامنێرە، ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندنی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا بڵاو دەکاتەوە لەبارەی ئاستی ئەو زیانانەی بەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە لە هێرشەکانی 13ـی حوزەیران، کە تێیدا چەند پێگەیەکی گرنگیی تاران و ناوچەکانی دیکەی ئێران بۆمباران کران و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە فەرماندەی سەربازیی و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتە کوژران.
ناتاشا بێرتراند، تەمەن 33 ساڵ، وەک پەیامنێری کەناڵی(سی ئێن ئێن)، ڕووماڵی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کردووە.
لە وەڵامی ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، کەناڵی( سی ئێن ئێن) بەیاننامەیەکی لە ئێکس بڵاو کردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناتاشا بێرتراند دووپات کردەوە و نوسیوویەتی "ئێمە بەڕێژەی سەدا 100 پشتیوانیی لە ناتاشا دەکەین، بەتایبەتیش لە ڕووماڵی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران."
سی ئێن ئێن دەڵێت: ڕاپۆرتەکەی ناتاشا، پشت بە ئەنجامە بەراییەکان دەبەستێت، گواستنەوەی ئەو زانیارییانە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدایە.