هەڵەبجە.. لە ئەنجامی تەقینەوەیەک ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و بریندار بوون
لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی (تی ئێن تی) لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و بریندار بوون.
ئاکام محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی پارێزگای هەڵەبجە بە ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-06-2025، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی (تی ئێن تی) لە ناوچەی سازان، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، سێ کەس گیانیان لە دەست داوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون."
گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانیان بەرەو شوێنی ڕووداوەکە چۆن کە ناوچەیەکی زۆر سەختە، تەنانەت تۆڕی مۆبایل نییە و تەنیا بە پێ دەتوانیت بچیتە شوێنەکە. گوتیشی: قوربانییەکان هەموویان دانیشتووی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن.
ئاکام محەممەد باسی لەوەش کرد، حەوت کەسەکە بۆ ڕاوەماسی چووبوونە دەوروبەری گوندەکە و ئەو (تی ئێن تی)ـیەی کە دەیانویست بۆ ڕاوەماسی بەکاری بهێنن، بە خۆیاندا تەقیوەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گشتیی پارێزگای هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، قوربانییانی ڕووداوەکە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە گواستراونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممەش، 25-06-2025، هاووڵاتییەک بە ناوی سەرهەنگ ئەیوب، خەڵکی قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ دوو لە هاوڕێیانی بۆ ڕاوەماسی چووبوونە سەر ڕووباری باڵەکایەتیی، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی مۆلیدە بۆ ڕاوەماسی، گیانی لە دەست دا.
ڕۆژی 21ی حوزەیرانی ئەمساڵ، وادەی قەدەغەی ڕاوەماسی کۆتایی هات، بەڵام بەگوێرەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو نییە ڕاوچییەکان بۆ ڕاوکردنی ماسی تەقەمەنی و کارەبا بەکار بهێنن.
لە 20ـی ئاداری 2024، وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی ڕاگەیەنرا و سێ مانگ ڕاوکردن بەهەموو جۆرەکانی قەدەغە کرا.
پێشتر بێستوون نەجمەددین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ی ڕاگەیاندبوو: ڕاستە لەو کاتە وادەی قەدەغەی ڕاوەماسی کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام دەبێ ڕاوچییەکان بەپێی رێنماییەکان ڕاوی ماسییەکان بکەن، هەر کەسێک پابەند نەبێ بە گوێرەی ڕێنماییەکان سزا دەدرێت.