پەروین بوڵدان: لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان، ئەردۆغان و چەند بەرپرسێکی باڵا کۆ دەبینەوە

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەرێنی بووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشیدا لەگەڵ ئۆجەلان، ئەردۆغان و چەند بەرپرسێکی باڵا کۆ دەبنەوە. 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 26ـی حوزەیران 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆ بووەوە. شاندەکە لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میتحەت سەنجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێک هاتبوو. 

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پەروین بوڵدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆ بووینەوە. قۆناغەکانی ئێستای پرۆسەی ئاشتیمان تاوتوێ کرد و بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بەوەی کە پرۆسەکە بە کوێ گەیشتووە."

 

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (وێنە: سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا) 

 

ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی جەختی کردەوە، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا "لە چوارچێوەیەکی زۆر ئەرێنیدا بەڕێوە چوو. سەرۆکی پەرلەمان بەرپرسیارییەتی خۆی بەرانبەر پرۆسەکە نیشان داوە و ئەمەش زۆر گرنگە." گوتیشی: پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ، بۆیە دەبێت لەسەر بنەمای دیالۆگ و پەرلەمان بەرەو پێش بچێت. 

پەروین بوڵدان، ئاماژەی بەوەش دا، هەر لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، لە یەک دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆ دەبنەوە. 

تا ئێستا شاندی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پێنج جار لەگەڵ ئۆجەلان کۆ بوونەوەتەوە و جارێکیشیان لەگەڵ ئەردۆغان. دوێنێ چوارشەممە، 25-06-2025، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندی ئیمرای داوای کۆبوونەوەیان لێ کردووە و بەم نزیکانە لەگەڵییاندا کۆ دبێتەوە.

 دوای بڕیاری هەڵوەشانەوە و چەک دانانی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" لە پەرلەماندا هەنگاوی یاسایی بۆ بنرێت، پێویستە کۆمسیۆنێک پێک بهێنرێت کە سەرجەم لایەنەکانی تورکیا تێیدا ئەندام بن.

12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو بوو. لە کۆنگرەکەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.