ترەمپ دەیەوێت یارمەتیی ئاوەدانکردنەوەی تاران بدات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەو بۆمبانەی چینەکان دەبڕێت، کۆتایی بە شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل هێنا و پرۆسەکەی بە 'سەرکەوتن بۆ هەمووان' ناو برد.
ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریکا( سئ ئای ئەی) ئاشکرای دەکەن، هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی لەو وڵاتەی بۆ چەند ساڵێکی دیکە دواخست، ئاژانسەکە دەشڵێت: ئەو زیانانەی بەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتوون، زۆر گەورەن، چونکە بە تەواوی وێران بوونە.
پاش ئەوەی ئاگربەست ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لەنێوان ئێران و ئیسرائیل کەوتە بواری جێبەجێکردن، هاووڵاتییانی هەردوو وڵات دڵنیا نین لەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ بکەنەوە، چونکە ڕووداوەکانی بەر لە 13 ڕۆژی ڕابردوو سەلماندی، هیچ کاتێک جێگەی دڵنیایی نییە جارێکی دیکە جەنگ دروست نەبێتەوە و مووشەکەکان ئاراستەی یەک نەکرێنەوە.
ترەمپ، لەکۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە لاهای، ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی ئەوە ناکات ئێران دەست بە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی بکاتەوە. گوتی: تاران دەیان ساڵە تۆمەتەکانی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا ڕەت دەکاتەوە لەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی دەدات.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: هەفتەی داهاتوو قسە لەگەڵ ئێران دەکەین، ڕەنگە ڕێککەوتنێک بکەین.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا پاشەکشەی نەکردووە لە سیاسەتی (زۆرترین فشار لەسەر ئێران) کە سنووردارکردنی فرۆشتنی نەوت لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری سووککردنی سزاکانی وڵاتەکەشی کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بدات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سزا نەوتییەکانی سەر ئێران سووک دەکات یان نا؟ ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ ڕایگەیاند "پێویستیان بە پارە دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە."