وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: ڕێگریی تەواومان کردووە لەوەی ماددەی هۆشبەر بچێتە ناو چاکسازییەکانەوە
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگرییان کردووە لەوەی هیچ ماددەیەکی هۆشبەر بچێتە نێو چاکسازییەکان.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرنگە هەرێمی کوردستان نەخشە ڕێگەیەکی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر. دەشڵێت: ئێمە لە کوردستان خاوەنی شەش چاکسازیین کە تیایاندا سەنتەری تایبەت بە چارەسەریی ئالوودەبووان هەیە، تا ئێستا 765 کەس چارەسەرییان وەرگرتووە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: لەو شەش چاکسازییەی هەرێمی کوردستان، سێ چاکسازیی بۆ پیاوان، سێ چاکسازیش بۆ ئافرەتان و منداڵانن، ماددەی هۆشبەر بە دەگمەن دەگاتە نێو چاکسازییەکان، مەگەر کەسوکاری بەندکراوان لە شوێنێک بیشارنەوە، پاسەوانەکانی چاکسازییەکان نەتوانن بیدۆزنەوە. ئێستا بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر لە نێو چاکسازییەکاندا لەگەڵ قاچاخچیانی دەرەوە، بە تەواوەتی بنبڕ کراوە.
29ـی ئایاری 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەشداریی پانێلێکی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەری کرد کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، ڕێکی خستبوو.
لە پانێلەکەدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کردبوو، لە ساڵی 2024، زیاتر لە هەزار و 528 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، پێشبینی ئەوەشی کردبوو، ئەمساڵ ژمارەی ئەو بازرگان و بەکارهێنەرانەی ماددەی هۆشبەر کە حوکم دراون، گەیشتبێتە 1700 کەس.