پیت هێگست: میدیاکان دەیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە زەبر لە ترەمپ بدەن
پیت هێگست، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ توانای وزەی ئەتۆمیی ئێرانی لەناو برد و دەرفەتێکی بۆ گەیشتن بە ئاشتیی دروست کرد.
پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، پیت هێگست، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن، بارەگای سەرەکیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا میدیا بەدوای ئابڕووبردنن. گوتیشی: میدیاکان پێیان خۆش بوو هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران شکست بێنێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەو هۆیەوە لەڕووی سیاسییەوە زەبر لە ترەمپ بدەن.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سەرۆکەکانی پێشوو سەرکەوتوو نەبوون لە زیادکردنی خەرجی بەرگریی ناتۆ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەوەی کرد.
هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تروس بڵاوی کردەوە، پێویستە ناتاشا بێرتراند لە کەناڵی(سی ئێن ئێن) دەربکرێت، چونکە سێ ڕۆژە هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە. ترەمپ نووسیویەتی " پێویستە سەرزەنشت بکرێت، دواتر وەک سەگ فڕێ بدرێتە دەرەوە."
ترەمپ، ئەو پەیامنێرە ئەمەریکاییەی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، تۆمەتبار کرد و گوتی: ئەو، هەوڵی شێواندنی ئابڕووی فڕۆکەوانەکانمان دەدات کە ئەرکێکی گرنگ و سەرکەوتوویان بە وردیی جێبەجێ کرد.
لە وەڵامی ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، کەناڵی( سی ئێن ئێن) بەیاننامەیەکی لە ئێکس بڵاو کردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناتاشا بێرتراند دووپات کردەوە و نوسیوویەتی "ئێمە بەڕێژەی سەدا 100 پشتیوانیی لە ناتاشا دەکەین، بەتایبەتیش لە ڕووماڵی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران."