یەکێتی قوتابییان و لاوان، هەڵمەتی 'ماددەی هۆشبەر ئافاتی سەدە'ـیان دەست پێکرد

یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لەسەر تاسەری هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی یەک هەفتەیان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر دەست پێکردووە.
ئەڤین ئەنوەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، دوێنێ چوارشەممە، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر بەناونیشانی" مادەی هۆشبەر ئافاتی سەدە" ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەفەرمی هەڵمەتەکە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
ئەڤین ئەنوەر، گوتیشی: ئەم هەڵمەتە لە قۆناغی ئێستا بە بڵاوکردنەوەی زیاتر لە هەزار پڕۆشەرە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەزاران نامیلکە و ئاگانامە، پێکدێت لە زیانەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەسەر جەستەی تاک و تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵگا و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی قوتابیان و لاوان باسی لەوەش کرد، لە ئاگانامەکان هەنگاو و ڕێگاکانی خۆپارێزی لە ماددەی هۆشبەر ڕوونکراوەتەوە، بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی، بە زمانی عەرەبیش، چونکە هەڵمەتەکە لە خانەقینەوە تاوەکوو زاخۆ دەبێت و بۆ ماوەیی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
26ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دانراوە و ساڵانە لەو ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان چەندین هەڵمەتی جیاوازی هۆشیاری بڵاودەکرێنەوە.