نەبەز عەبدولحەمید: هەزاران شوێن داخراون، بەهۆی پابەند نەبوونیان بە زمانی کوردی

قایمقامی ناوەندی هەولێر دەڵێت: هەر شوێنێک نووسینی سەر تابڵۆکانیان بە زمانی کوردی نەبێت، مۆڵەتی پێ نادرێت و لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەش مۆڵەتەکەی بۆ نوێ ناکرێتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، 27ـی حوزەیرانی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەزاران شوێن بەهۆی پابەندنەبوونیان بە نووسینی زمانی کوردی لەسەر تابڵۆکانیان داخراون و پێ بژاردنیان بۆ کراوە، لەکاتی پێدان مۆڵەت بە هەر شوێنێک مەرجی سەرەکی دەبێت نووسینی تابلۆکانیان بە کوردی بێت و هەروەها لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان هەرکەسێک پابەندی بڕیارەکان نەبێت مۆڵەتەکەی بۆ نوێناکرێتەوە.
قایمقامی ناوەندی هەولێر گوتی: لە ماوەی دووساڵدا زیاتر لە دوو هەزار شوێن نووسینی سەر تابڵۆکانیان کراوەتە کوردی و پڕۆسەکەش بەردەوامە، هەروەها پێویستە سەرجەم شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکان پابەندی بڕیار زمانی کوردی بن.
21ـی شوباتی 2023، حکوومەتی هەرێم لە بڕیارێکدا ڕایگەیاند: پێویستە سەرجەم شوێنە گشتییەکان، نووسینی سەر تابڵۆکانیان بە کوردی بێت و هەموولایەک پابەندی بڕیارەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش 40ڕۆژ مۆڵەت بە خاوەنەکانیان درا، بۆ ئەوەی پابەندی بڕیارەکە بن.