ڕۆژنامەی هارتس: سەربازانی ئیسرائیل بە ئەنقەست فەڵەستینییەکان لەکاتی وەرگرتنی خواردندا دەکوژن
ڕۆژنامەی هارتسی ئیسرائیلی دەڵێت: سەربازانی سوپای ئیسرائیل، بە ئەنقەست هاووڵاتییانی فەڵەستینی لەکاتی وەرگرتنی خواردندا دەکوژن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هارتسی ئیسرائیلیان ڕەت کردووەتەوە لەوەی، فەرمانیان بە سوپای ئیسرائیل کردبێت تەقە لە هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەدا بکەن کاتێک دەیانەوێت خواردن وەربگرن.
سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێن: ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان دەیانەوێت وێنەی سوپا بشێوێنن.
زیاتر لە 500 فەڵەستینی کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربوون لەو کاتەی دەیانویست خواردن لە دامەزراوەی مرۆیی غەززە وەربگرن، دەزگاکە ماوەی مانگێکە دەستی بەم کارە کردووە، ئەو ئامارەش، وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاوی کردووەتەوە.
ئەو فەڵەستینیانەی شایەتحاڵی ڕووداوەکانن دەڵێن: سوپای ئیسرائیل تەقە لە کۆمەڵە خەڵک دەکەن کاتێک بۆ وەرگرتنی خواردن لە شوێنێک کۆ دەبنەوە، یاخود بەڕێگاوەن بۆ ئەوەی بچن خواردن وەربگرن.
لە وەڵامی ڕۆژنامەی هارتس، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە دەکەن کە هاووڵاتییان تێیدا زیانیان بەرکەوتووە لەو کاتەی کە نزیک بوونەتەوە لە شوێنی وەرگرتنی خواردن، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، دامەزراوەی مرۆیی غەززە، کۆمپانیاکانی تایبەتی بەڵیندەرایەتی ئەمەریکا پشتیوانیی دەکات، لە 4 شوێنی غەززە کە زیاترینی کەوتوونەتە باشووری غەززە، لە مانگی ڕابردووەوە خواردن دابەش دەکەن.