حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا سکاڵای یاسایی دژی فۆکس نیوز تۆمار کردووە

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بڵاوی کردووەتەوە، گاڤن نووزم، حاکمی کالیفۆرنیا ڕۆژی هەینی بە تۆمەتی ناوزڕاندن، سکالایی یاسایی دژی فۆکس نیوزی ئەمەریکی تۆمار کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، گوایە فۆکس نیوز وردەکاری پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی 7ـی ئەم مانگەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ئامانجدار چەواشە کردووە.

 سکاڵاکە لە یەکێک لە دادگاکانی ویلایەتی دەڵەوێر تۆمار کراوە کە حاکمی کالیفۆرنیا لە بەرانەر ناوزڕاندنی، داوای 787 ملیۆن دۆلاری کردووە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەسەر زاری پارێزەری حاکمی کالیفۆرنیا بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ و گاڤن نووزم، لە 7ـی حوزەیرانی 2025، بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، بەڵام  باسیان لە خۆپێشاندانەکانی لۆس ئەنجلۆس دژی هەڵمەتەکانی کۆچبەری و گومرگی (ICE) نەکردووە.

 لە 10ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، کە ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ حاکمی کالیفۆرنیا قسەی کردووە، بەڵام نووزم بە خێرایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "دوێنێ،9ـی حوزەیران، هیچ پەیوەندییەک، تەنانەت نامەیەی دەنگیشم پێ نەگەیشتووە."

لە بەرامبەردا، جێسی واتەرز، پێشکەشکاری فۆکس نیوز، لە بەرنامەیەکدا نووزم بە درۆزن ناوبرد. هاوکات، جۆن ڕۆبەرتسیش پەیامنێری ئەو میدیاییە گوتی: ترەمپ وەک بەڵگە، داتای پەیوەندییەکانی بۆ ناردووە، لە شاشەی بەرنامەکەدا بڵاویان کردەوە و نیشانی دەدات کە پەیوەندییەکە لە ٧ـی حوزەیران کراوە نەک ٩ـی حوزەیران.

هاوکات فۆکس نیوز، ئەو داوا یاساییەی ڕەت کردەوە و بە چەواشەکاری ڕایگشتی و ڕاکێشانی سەرنجی هاووڵاتییانی ناوبرد و بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاند، سکاڵاکە هیچ بایەخێکی نییە، واتە شایستەیی داوای یاسایی نییە، ڕەخنەشی لە حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا گرتووە بەوەی مافی ئازادی ڕادەربرینی ڕۆژنامەوانی پێشێل کردووە.

پێشتر نووزم، بە یەکێک لە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو، کە لەگەڵ ڕەخنەکانی فۆکس نیوز ڕاهاتووە، کە ئەمەش دژی یاسا و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە.