نوێترین زانیاری لەبارەی چارەکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

بۆ چارەرکردنی کێشەی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، شاندێکی تەکنیکی و باڵای حکوومەتی عێراق لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لە هەولێرە، ئەمڕۆش شاندێکی حکوومەتی هەرێم چووەتە بەغدا.

شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم (بە وەکالەت)، بۆ تاوتوێکردنی پرسی شایستە داراییەکان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە. 

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕایگەیاند: هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بڕیاریان داوە کۆبوونەوەکانیان دوور لە چاوی کامێراکان بێت، تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەو شاندەی حکوومەتی عێراق کە پێنجشەممە هاتبووە هەولێر، پێک هاتبوو لە نوێنەری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هەرێم کۆبوونەوەی چڕ و پڕی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەبوو.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، شاندی تەکنیکی هەردوو حکوومەت لە هەولێر لەسەر زۆرینەی پرسەکان ڕێککەوتوون، تەنیا ڕێککەوتنی کۆتایی ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.

بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕێککەوتنەکان بەم جۆرەن:

- گەڕاندنەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

- هەرێمی کوردستان ڕازی بووە ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.

لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، دیلان بارزان، گوتی: شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ، بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

دیلان بارزان، ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەوەی لێکگەشتنی باش لەنێوان شاندی حکوومەتی هەڕیمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هەیە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیە ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت، لە دوای ڕێککەوتنەکەش ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت و دواتریش مووچەی مانگی شەش.

 پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، شاندێکی تەکنیکی و باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە مەبەستی چارەکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، گەیشتە هەولێر و لە شەوی پێنجشەممەوە دەستیان بە کۆبوونەوەکانیان کردووە، بەڵام هەردوو لایەنی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ کۆبوونەوەکانیان دوور لە چاوی ڕاگەیاندن بووە.

رۆژی چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندێکی باڵا و بڕیاربەدەستی حکوومەتی فیدراڵ لەم دوو ڕۆژەی داهاتوو سەردانی هەولێر دەکەن بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment