عراقچی: لە شوێنی هەر ئەفسەر و زانایەکی کوژراو، هەزاران هەن شوێنیان بگرنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: گەلی ئێران تا دوا دلۆپ خوێن ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبێتەوە بۆ سەپاندنی هەر بڕیارێکی چارەنووسساز بەسەر وڵاتەکەیان.

لە پێگەی کۆمەڵایەتی ئێکس، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسی: جارێکی دیکە گەلی ئێران هێز و ئارامیی خۆیان نیشانی هەموو جیهان دا.

لەبارەی بەشداریی جەماوەر لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی فەرماندە سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکان، عەباس عراقچی ئاماژەی بەوە کرد "بەشداریی فراوانی خەڵک پەیامێکی ڕوونە بۆ ئیسرائیل، دەڵێت: ئێمە کوژراوەکانمان لەیاد ناکەین، بەڵکو شانازییان پیوە دەکەین، ئەوەش دەزانین، لە شوێنی هەر فەرماندە و زانایەکی کوژراو، هەزارانی دیکە هەن کە ئامادەن شوێنیان بگرنەوە."

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیرانی 2025 بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و کوشتنی چەند فەرماندەیی سەربازیی دەستی پێ کرد. لەنێوان فەرماندە کوژراوەکاندا، سوپاسالاری ئێران محەممەد باقری، فەرماندەی سوپای پاسداران حوسێن سەلامی، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی و بەرپرسی درۆن و مووشەکی سوپای پاسداران، کوژران.