دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: لە هێرشەکەی سەر زیندانی ئێڤین 71 کەس کوژران

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤینی تاران، 71 کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون، لە نێویاندا سەرباز و زیندانی و خەڵکی مەدەنی هەن.

ماڵپەڕی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، لە زاری ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتەکە بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا ژمارەی کوژراوانی زیندانی ئێڤین بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل گەیشتووەتە 71 کەس، لە نێویاندا سەرباز، کارمەندی زیندانەکە و زیندانیان و ژمارەیەک سەردانیکار و خەڵکی ئاسایی نیشتەجێی دەوروبەری زیندانەکەش هەن.

هەرچەندە گوتەبێژەی دەسەڵاتی دادوەری، ئاماژەی بە ژمارەی بریندارانی هێرشەکە نەداوە، بەڵام ئاشکرای کردووە، کە ژمارەیەک کەس لەو هێرشەدا برینداربوون و بەشێکیان هەر لەوێ چارەسەریان بۆ کراوە و ژمارەیەکیشیان گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هەر بۆیە پێشبینی دەکات ژمارەی کوژراوەکان بەرز بێتەوە.

جەهانگیر ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەوە جیا لەوەی زیانی گەورەی ماددی بەر زیندانی ئێڤین کەوتووە، زیانێکی زۆر بەر ئەو خانوو و ماڵانەش کەوتووە کە دەکەونە نزیک هۆڵی سەردانیکەرانی زیندانەکە.

گوتەبێژەکەی دەسەڵاتی دادوەری دەڵێت: ئەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین، نیشانەی ئەوەیە کە دەست لە خەڵکی مەدەنی و ئاسایی ناپارێزێت، چونکە یەکێک لە مووشەکەکان بەر هۆڵی سەردانیکەرانی زیندانەکە کەوتووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و برینداربوون، کە بۆ سەردانی کەسوکاریان هاتبوون.

ڕۆژی دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، لە دەیەمین ڕۆژی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چڕی تارانی پایتەختی ئێرانیان بۆمباران کرد، زیندانی ئێڤین یەکێک بوو لەو شوێنانەی کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەکان.