دهۆک.. بە نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان ژمارەی گەشتیاران زیاد دەکرێت

زیاتر لە دوو هەزار و 700 ناوچەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمار کراون

زیاتر لە دوو هەزار و 700 ناوچەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمار کراون و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت بە نۆژەنکردنەوە و پاراستنیان، ژمارەی گەشتیاران بۆ پارێزگاکە زیاتر بکات. 

پارکی "فەیدیێ" لە سنووری قەزای ئامێدی، لە پارێزگای دهۆک، گەورەترین پارکی شوێنەارییە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 700 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ڕووبەری پارکەکە زیاتر لە 102 هێکتارە و 13 نەخشی جیاواز لەسەر دیوارەکانی هەڵکەنراون و کەناڵێکی ئاودێریی بە درێژایی 10 کیلۆمەتری تێدا دۆزراوەتەوە. 

شوێنەوارناس کۆڤان ئیحسان، دەڵێت: مێژووی پارکی فەیدیێ بۆ سەردەمی ئاشوورییە نوێیەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام بە تەواوی نازانین بۆ کامە پادشای ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە دوو جۆر نەخشە لەسەر پرۆژەکە هەڵکەنراون، بەشێکیان کۆنن و بەشێکیشیان نوێن کە لەوانەیە لە سەردەمی پادشا سەنحاریب هەڵکەنرابن.

دوای ساڵی 2003، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر دەرفەت بۆ ڕێکخراوانی بیانی ڕەخساوە سەردانی هەرێمی کوردستان و کار لەسەر دۆزینەوە، هەڵکەندن، نۆژەنکردن و پاراستنی ناوچە شوێنەواری و کەلەپورییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بکەن. تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 700 ناوچەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگاکە تۆمار کراون. 

د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری ناوچە شوێنەوارییەکانی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەردەوام کارمان لەسەر ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک کردووە، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هێنانی گەشتیارانی زیاتر بۆ ئەم ناوچانە."

مێژووی بەشێکی ناوچە شوێنەوارییەکانی پارێزگای دهۆک بۆ سەردەمی بەردین دەگەڕێتەوە و شارستانییەت و شێوەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەم دەڤەرە لەو سەردەمەدا پیشان دەدەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت بە نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان، سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشێت. 

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، 64 ناوچەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆک نۆژەن کراونەتەوە. زیاتر لە سەدا 90ـیان، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نۆژەن کراونەتەوە و سەدا 10ـی دیکەش بە هاوکاریی کونسوڵخانە، زانکۆ و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ناوچە شوێنەوارییەکان بووە. 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment