سوپای ئیسرائیل داوا دەکات دانیشتوانی غەززە و جبالیا شوێنەکانیان چۆڵ بکەن

یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل  دانیشتوانی چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززەی هۆشدار کردووەتەوە کە ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن و بچنە باشوور و ناوچەی ئارام.

ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەو هۆشدارییە بۆ هەموو دانیشتوانی غەززە و جبالیا و گەڕەکی زەیتوونی ڕۆژهەڵات، شارۆچکەی کۆن، تورکمان، ئەجدیدە، توفاح، ئەلدەرج، ئەلسەبرە، جبالیا بەلەد، جبالیا ئەلنەزلە، سەربازگەی جبالیا، ڕەوزە، نەهزە، زهور، ئەلنور، ئەلسەلام و گردی ئەلزەعتەرە "لەپێناو سەلامەتی خۆتان، دەستبەجێ شوێنەکانتان چۆڵ بکەن و بچنە ناوچەی ئارام."

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای ئیسرائیل زۆر بەتوندی دەست بە هێرشە سەربازییەکانی دەکات لەو ناوچانە، ئۆپەراسیۆنەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژئاوا و ناوەندی شارەکە، بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی لایەنی بەرانبەر تێک بشکێنێت.

ئەفیخای دەڵێت: حەماس زیانتان پێ دەگەیەنێت و کارەساتتان بۆ دروست دەکات، گەڕانەوە بۆ ناوچەی شەڕ، مەترسییە بۆ سەر  ژیانتان.

سوپای ئیسرائیل،  لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستی بەهێرشەکانی کردووە، هەزاران فەڵەستینی ناچار کردووە ناوچەکانی غەززە بەجێ بێڵن، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 56 هەزار و 331 فەڵەستینی کوشتووە و 132 هەزار و 632 کەسی دیکەشی بریندار کردووە، ئەمەش بەپێی ئاماری دوێنێ شەممەی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە.