ئەڵمانیا: ڕووسیا هەڕەشە لە ئاسایش و ئازادیمان دەکات

یوهان فادیفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریی دەدات لەوەی، ڕووسیا بووەتە هەڕەشە لەسەر ئەڵمانیا.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتە، بۆ ڕۆژنامەی فونکەی ئەڵمانی گوتی: ڕووسیا ڕاستەوخۆ  هەڕەشە لە ئاشتی و ئازادیمان دەکات. جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، تا ئێستا گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ئەورووپا، ئەمەش بووەتە گرنگترین پرس لە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.

یوهان فادیفول، دووپاتی کردەوە، بڕیارەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) کە لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لە لاهای، ڕەزامەندیی داوە لەسەر زیادکردنی خەرجیی بەرگریی بەڕێژەی سەدا 5، ڕاست و گرنگە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن، هێرش دەکاتە سەر مۆراڵی ئۆکرانییەکان بە هێرشە هەڕەمەکییەکانیان، دەڵێت: ئازادیی ئۆکرانیا، پێوەری ئارامیی و دان خۆداگرتنی ئێمەی ئەورووپاییەکانە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، یەکێتیی ئەورووپا 17 پاکێجی سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، هەر شەش مانگ جارێک بە بڕیاری کۆی دەنگی 27 وڵاتی ئەندام، نوێ دەکرێتەوە. ئەم بڕیارە بەو مانایەیە کە سزا هەمەلایەنەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیا سەپێنراون، لەوانەش بلۆککردنی زیاتر لە 234 ملیار یۆرۆ .