سێرگی لاڤرۆڤ: ڕۆژئاوا ناتوانێت شکست بە ڕووسیا بێنێت

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، دووپاتی دەکاتەوە، ڕۆژئاوا بە باشی ئەوە دەزانێت، توانای نییە شکست بە ستراتیجییەتی ڕووسیا بێنێت.

یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕووسی 'سپۆنیک'، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قیرغستان جینبیک کولوباییف، ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی زۆر باش لەنێوان ڕووسیا و قیرغستاندا هەیە لە تەواوی بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە دۆخی زۆر ئاڵۆز و گۆڕاوی ناوچەکە. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووسیا ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا و وڵاتانی دیکە دەبێتەوە کە پێشوەختە بڕیاری جەنگیان دژی ڕووسیا داوە، دەیانەوێت شکست بە ستراتیجییەتی ڕووسیا بێنن. گوتیشی: ئەڵمانیا، ئۆکرانیا وەک چەکێک دژی ڕووسیا بەکار دێنێت. 

لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژئاوا لە دژایەتیی کردنی ڕووسیا سەرکەوتوو نەبووە، ئەمجارەش سەرکەوتوو نابێت، ڕەنگە هەستیش بەمە بکەن.

کولوباییف، وەزیری دەرەوەی قیرغستان، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، قیرغستان هەموو هەوڵیکی خۆی دەدات لەپێناو پارێزگاریی لە بنەمای پەیوەندییەکانی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا.

 بڕیارە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ سەرۆکی قیرغستان، سەدر جەبارۆڤ کۆ ببێتەوە، ڕۆژانی 29 و 30ـی حوزەیرانیش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی بەڵێننامەی ئاسایشی کۆمەڵ، لە قیرغستان بەشداریی دەکات.