پیسکۆف: ڕۆژێک بۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا دیاری دەکەین
دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کرملین ڕایگەیاند: مۆسکۆ دەیەوێت کاتێک بۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا لە کاتێکی نزیکدا دیاری بکات.
کەناڵی ( فێرست ئینفۆرمەیشن)ـی بیلاڕووسیا، لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکانی یەکێتیی ئابووریی ئۆرۆسیا، کە ڕۆژانی 26 و 27ـی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە مینیسک بەڕێوە چوو، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دیمیتری پیسکۆف کردووە، تێیدا ئاشکرای کردووە، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا بەڕێوە ناچێت، گوتی: دەمانەوێت ڕۆژانی داهاتوو کاتێک بۆ گەڕی نوێی دانوستانەکە دیاری بکەین.
لە پرسیاری ئەوەشدا کە ئایا چ فاکتەریك هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا خێراتر بکرێت، گوتەبێژی کرملین گوتی: ئەمە پەیوەستە بە هەڵوێستی حکوومەتی ئۆکرانیا، هاوکات پەیوەستە بەو هەوڵە نێوەندگیرییەی ئەمەریکا دەیبینێت لە پرۆسەی ئاشتەواییەکە.
پیسکۆف، ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی ڕووسیا ڕوون و ئاشکرایە و گوتی: ڕاستییەک لە واقیعدا هەیە و پێویستە پەراوێزی نەخەین، دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
لە 16ـی ئایاری ڕابردوو، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، دوای ئەوەی ڕۆژی 11ـی ئایار، ڤلادمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا داوای دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستانی لەگەڵ ئۆکرانیا کرد.
گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە، لە 2ـی ئم مانگە لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان کرد.