حکوومەتی تورکیا کۆ دەبێتەوە و لایەنەکانیش پێشنیازەکانیان لەبارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک پێشکەش دەکەن

کابینەی حکوومەتی تورکیا کۆ دەبێتەوە و لایەنە سیاسییەکانیش پێشنیازی خۆیان لەبارەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێشکەش دەکەن. 

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دووشەممە، 30-06-2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، کۆ ببێتەوە.

میدیاکانی تورکیا باسیان لەوە کردووە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتییە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە و لەگەڵ بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ چەکدانان و بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. 

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، پێشنیازی خۆیان لەبارەی چۆنییەتی دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی، پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکەن. 

چاوەڕێش دەکرێت لەم هەفتەیەدا، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی نوێی ئاشتی، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و عەبدوڵلا ئۆجەلان، کۆ ببنەوە.  

تا ئێستا شاندی دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پێنج جار لەگەڵ ئۆجەلان کۆ بوونەوەتەوە و جارێکیشیان لەگەڵ ئەردۆغان. دوێنێ چوارشەممە، 25-06-2025، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندی ئیمرای داوای کۆبوونەوەیان لێ کردووە و بەم نزیکانە لەگەڵییاندا کۆ دەبێتەوە.

12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو بوو. لە کۆنگرەکەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

 دوای بڕیاری هەڵوەشانەوە و چەک دانانی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر" لە پەرلەماندا هەنگاوی یاسایی بۆ بنرێت، پێویستە کۆمسیۆنێک پێک بهێنرێت کە سەرجەم لایەنەکانی تورکیا تێیدا ئەندام بن.