ئێران بۆ ئەمەریکا: بیرۆکەی سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 'یاسای دارستان' دەچێت
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی دەکاتەوە، ئەمەریکا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، پەیامی بۆ ناردوون. دەشڵێت: بیرۆکەی سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، لە یاسای دارستان دەچێت.
دووشەممە، 30-06-2025، مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)ـی بەریتانی، ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان، پێویستە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بیرۆکەی هێرشکردنەسەر ئێران لە مێشکی خۆی دەر بکات.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەشی خستە ڕوو "ئەمەریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامی بۆ تاران ناردووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەڵام پرسیارە گرنگەکە هێشتا بێوەڵامە، ئەویش چی دەبێت ئەگەر ئەمەریکا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران؟"
تەختڕەوانچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، دەتوانن لەسەر ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەگەڵ ئەمەریکا ڕێکبکەون، بەڵام بیرۆکەی سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە لە یاسای دارستان دەچێت.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە قسە لەگەڵ ئێران ناکات و هیچ ئۆفەرێکیان پێشکەش ناکات. جەختیشی کردەوە، ئەمەریکا بەتەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەناو بردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، ئێستا ئێران بیر لە گەڕانەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکاتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد "ئێران ئێستا زۆر ماندووە."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردنەوە.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.