هێڵی ئاسمانی قەتەر گەشتەکانی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێ کردەوە
دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، هێڵی ئاسمانی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەست پێ کردنەوەی گەشتەکانی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025، گەشتەکانی ئاسمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
هاوکات سبەی سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، کاتژمێر 21:00 (بەکاتی هەولێر) یەکەم گەشتی ئاسمانی قەتەر دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
هەروەها لە 6ـی تەممووز گەشتەکانی ئاسمانی بۆ سووریا دەست پێ دەکاتەوە کە ڕۆژانە یەک گەشت دەبێت و لە 15تەممووزەوە دەبێتە دوو گەشت.
هاوکات سبەی سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، گەشتەکانی ئاسمانی بۆ ئوردن و لوبنان دەست پێ دەکاتەوە.
لە ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، هێڵی ئاسمانی قەتەر ڕاگەیاندبوو، بەهۆی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەشتەکانی ئاسمانی بۆ سەر عێراق، ئێران و ژمارەیەک وڵاتی دیکە ڕاگرت.