کۆشکی سپی: ترەمپ سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت
سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پابەندی بەڵێنەکەی دەبێت و سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت، ئەمەش لە پێناو سووریایەکی سەقامگیر و ئاشتی بۆ خۆی و دراوسێکانی دەبێت.
دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا واژوو لە سەر فەرمانێک دەکات، ئەمەش هەوڵێکە بۆ پشتیوانیکردنی سووریا بۆ سەقامگیری و ئاشتی لەو وڵاتەدا.
کارۆلاین لێڤت دووپاتیشی کردەوە، سزاکانی سەر بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و ئەو کەسانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژی و ماددەی هۆشبەر و کۆمپانیاکانی سەر بە ڕژێمی پێشووی سووریا و گرووپەکانی ئێران و داعش دەمێننەوە.
سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاماژەشی دا، ئەمەش بەهۆی ئەو بەڵێنە بوو کە دۆناڵد ترەمپ لە سعوودییە دای بوو، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا بە سووریایەکی سەقامگیر و ئاشتی بۆ خۆی و دراوسێکانی پابەندە.