ئێرانییەکان لە تەقینەوەکانی شەوانە نیگەرانن

سوپای پاسدارانی ئێران بەبێ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لە تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە بەشێک لە شارەکان، درەنگانی شەوان ترس و دڵەڕاوکێی لە نێو خەڵکی دروست کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تەممووز 2025، دانیشتوانی شارۆچکەی ئاران و بێگدلیان، کە بە دووری 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کاشان، لە سنووری پارێزگای ئیسفەهان، بە دەنگی چەندان تەقینەوەی بەهێز لە خەو ڕاچڵەکیون و ترساون لەوەی ئیسرائیل جەنگی دەست پێ کردبێتەوە و هێرشی ئاسمان کردبێتەوە سەریان.
لە بارەی تەقە و تەقینەوەکان، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ڕاگەیەنراوێکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی لە ئاران و بێگدل، بڵاو کردووەتەوە، گوایە تەقینەوەکان پەیوەندییان بە تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی شارۆچکەکەوە هەبووە و هیچ هێرشیکی ئاسمانی نەکراوە.
جگە لە شارۆچکەی ئاران و بێگدلیانی کاشان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە شاری هەمەدان و ڕۆژهەڵاتی تارانیش خەڵکی ڕاچڵەکاندووە و ترسی و دڵەڕاوکێیان دروست کردووە، بەڵام بە گوێرەی بەشێک لەسەرچاوەکانی هەواڵ، کەوتنەکاری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە ناوچەی چواری تاران، بەهۆی بینینی درۆنێکەوە بووە لە ئاسمانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی شەهید بەهەشتیی تاران.