کۆشکی سپی: لە ئەمڕۆوە سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگیرێن
لە هەنگاوێکدا کە نەخشەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و سووریا دادەڕێژێتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی کۆتایی هێنان بە سزاکانی سەر سووریای ئیمزا کرد، جگە لەوانەی پەیوەندییان بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا و یاریدەدەرەکانیەوە هەیە. ئەمەش بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی نوێی سووریا و هاندانی ئابوورییەکەیەتی کە چەندان ساڵ لەژێر گەمارۆ و سزاکاندا بووە.
کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تەممووزەوە سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگیرێن، بەڵام سنووردارکردنەکان دەمێننەوە بەرانبەر هەرکەسێک کە سەلمێندرابێت دەستی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەبوو بێت، یان بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، چالاکییەکانی چەکی کیمیایی، یان دڵسۆزی بۆ داعش، یان پەیوەندی بە لایەنگرانی ئێرانەوە هەبێت.
کارۆلاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بڕیارەکە بەشێکە لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لە سووریا، هەروەها ئاماژەی بە پابەندبوونی ئیدارەی ئەمەریکا کرد بۆ ئەوەی سووریا ببێتە وڵاتێکی یەکگرتوو و سەقامگیر لەناوخۆ و دەرەوەدا.
هەروەها فەرمانی جێبەجێکردنەکە ئاراستەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە کراوە، پێداچوونەوە بە سووریا بکات ئایا وەک "وڵاتێکی پاڵپشتیی تیرۆر" ماوەتەوە.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێشوازیی لە هەنگاوەکەی ئەمەریکا کرد و بە کردنەوەی دەرگاکان بەڕووی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا، وەسف کرد. جەختیشی کردەوە، ئەو بڕیارە، یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم بوژانەوەی وڵات لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لا دەبات.
هەروەها ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە مانگی ئایاری ڕابردوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە ڕیاز کۆبووەوە، ئەمەش یەکەم دیداری فەرمیی سەرکردەکانی هەردوو وڵات بوو لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا، دوای ئەم کۆبوونەوەیە سزاکان بە شێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی 180 ڕۆژ سووک کران، کە چاودێریی مامەڵەکانی حکوومەتی نوێ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت.