وەزیری دەرەوەی تورکیا: پەکەکە ده‌یه‌وێت هه‌ولێر داگیر بكات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی دانانی ئاڵای كوردستان ده‌كات

K24 - هەولێر

مه‌ولوود چاوشئۆغڵو له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی پرسی په‌كه‌كه‌ له‌ باشوور و رۆژئاوای كوردستان رایگه‌یاند پەکەکە له‌و ناوچانه‌ سته‌می زۆر ده‌كات و منداڵان به‌زۆر ده‌كاته‌ چه‌كدار، گوتیشی "پەکەکە بەشێوەیەکی نیمچە تەواو کۆنترۆڵی یەکێتیی کردووە"

مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا له‌باره‌ی دوا كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی دوا و، ئاشكرای کرد "دووپاتمان لە گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە". هەروەها باسی لەوەش کرد "پەکەکە دەیەوێت دەست بەسەر هەولێردا بگرێت".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا چاوشئۆغڵوو دەڵێ "پەکەکە گەورەترین زیانی بە کوردانی (هەرێمی کوردستان) گەیاندووە. ئێستاش بە شێوەیەکی نیمچە تەواو کۆنتڕۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کردووە، چەندین ناوچەی سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی پەکەکەدان".

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد "پەکەکە بە هەزاران گوندی داگیرکردووە. ئامانجی سەرەکیشی دەستبەسەرداگرتنی هەولێرە".

هەروەها باسی لە ئامانجەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد لە تورکیا و گوتی "پەکەکە دەزانێت ئامانجە جوداخوازییەکانی لە تورکیا سەرناگرێت... ئێستا سیاسەتی رفاندنی منداڵان و چەکدارکردنی زۆرەملێی منداڵان پەیڕەو دەکات. منداڵانی ئێزیدی، عەرەب لە باکووری سووریا دەباتە شاخەکان و لەوێ چەکداریان دەکات".

"دەبێت جیاوازی لەنێوان پەکەکە و برایانی کورد بکەین"

بەشێکی دیکەی گوتەکانی چاوشئۆغڵوو تایبەت بوو بەوەی دەبێت "لە تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران جیاوازی لە نێوان پەکەکە و برایانی کورددا بکەین".

سەبارەت بە دانانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پێشوازیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەردانەکەی رۆژی هەیینی بۆ ئەنقەرە، چاوشئۆغڵوو روونی کردەوە "زۆر رەخنە لەبارەی دانانی ئاڵا هەرێمی کوردستان لە کاتی پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانی گیرا، بۆچی ئەمە ئاڵای پەکەکەیە! ئەمە راست نییە. ئەگەر لێرە بە هەمان چاو سەیری پەکەکە و برایانی کورد بکەین، ئەوا هەڵەین و رێژەی تووندڕەوی زیاد دەکات. ئێمە تووندوتیژییەکان لە بەرامبەر کورد رەتدەکەینەوە".

لە کۆتایی گوتەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "ئێمە هەمیشە پێشوازیمان لە برایانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە کاتە سەختەکاندا هاوکاریمان کردوون. هەروەها پێشتر لە سەردەمی سەدام، پێشوازیمان لە پێشمەرگە کردووە. دەبێ لێرە شتێکمان پێ قبوڵ بێت، پەکەکە و یەپەگە و رێکخراوە تیرۆرستییەکان گەورەترین دوژمنی کوردن. پێویستە برایان کورد رۆڵیان لەم شەڕەدا هەبێت. برایانی کوردمان لە هەر شوێنێک بن، پێویستە مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام پێویستە پێکەوە رووبەڕووی رێکخراوە تیرۆرستییەکان ببینەوە. بۆیە ئاساییە پەکەکە هێرش بکاتە سەر هەولێر و ئێمەش بەو کردەوەیە شۆک نابین".