داواکاری گشتیی ئیزمیر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 157 بەرپرس و کارمەندی شارەوانی دەرکرد

بە بڕیاری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیزمیر، بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرۆکی پێشووی شارەوانی و بەرپرسی لقی پارتی جەهەپەی شارەکە و 150 کەسی دیکەی لە کاربەدەست و ئەندامی شاروانی ئیزمیر دەر کرد و تا ئێستا 120 کەسیان دەستگیر و ڕاپێچی لێکۆڵینەوە کراون.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی گەندەڵی، 157 تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە، لەنێویاندا تونچ سۆیەر سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئیزمیر و شێنۆل ئەسلانئۆغڵو سەرۆکی لقی ئیزمیر جەهەپە هەیە کە تۆمەتبارن لە ساختەکاریی گەورە لە تەندەری پرۆژەکان.

سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیزمیر ڕاشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارەکان لەسەر تێوەگلان لە گەندەڵی و ساختەکاری لە پرۆژەکانی کۆمپانیاکانی بەڵێندەری ناوخۆیی دەستی پێ کردووە و لێکۆڵینەوە و وردبینی لە ڕاپۆرتی ژمێریاری و موڵک و داراییەکانیان دەکرێت.

23-03-2025، دەیەمین دادگەی تاوانەکانی ئیستانبوڵ لە چاغڵایان، بە تۆمەتەکانی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی تاوان، بەرتیلدان و وەرگرتن، دەستوەردان لە تەندەرەکانی دامەزراوە گشتییەکان و گەندەڵی دارایی، بڕیاری بەندکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دەرکرد. 

1ـی ئایاری 2025، دادگای تورکیا بڕیاری دەستگیرکردنی 18 فەرمانبەری شارەوانی ئیستانبوڵی بەتۆمەتی گەندەڵی دەرکرد، ئەو بڕیارەی دادگا لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا هات کە حکوومەتی تورکیا دژ بە ڕەوتی ئۆپۆزسیۆن گرتیوویەتە بەر، لەوانەش دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، لەگەڵ ئەویشدا بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە شارەوانی ئەو شارە.