سەرۆکی پێشووتری لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئێران: ڕەنگە لە هەر ساتێکدا شەڕ هەڵگیرسێتەوە
فەلاحەت پیشە: کاتێک سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی سەگگەڕاندنن بووین، ئیسرائیل لە ئێران درۆنی دروست دەکرد
سەرۆکی پێشووتری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئێران، متمانەی بەو ئاگربەستەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران نییە و هۆشداری دەدات لەوەی ڕەنگە لە هەر ساتێکدا بێت، شەڕ هەڵگیرسێتەوە و دەشڵێت: ئەو کاتەی کێشەی گەورەی وڵاتەکەمان بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی سەگگەڕاندن بوو لە شەقامەکاندا، لە هەمانکاتدا ئیسرائیل لە ناو ئێران خەریکی دروستکردنی درۆن بوو.
حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، دەڵێت: دڵنیام شتێک بە ناوی ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل نییە. هەردوو لا تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی کردە سەربازییەکانیان ڕاگرتووە و لەم نێوانەدا، لایەنی سێیەم، واتە ئەمەریکا هەیە، کە گوایە لەم بارودۆخەدا هەوڵ دەدات ئارامیی دابین بکات.
دەشڵێت: ڕەنگە گفتوگۆی نافەرمیی لە نێوان دوو لایەنەکەدا بکرێت و پەیامگەلێک ئاڵوگۆڕ بکرێن، تاوەکوو بکرێتە بنەمای دانوستان؛ ئەگەر دانوستانێکی لەم شێوەیە بێتە کایەوە، ڕەنگە ئەو کاتە بتوانین باسی ئاگربەست بکەین؛ بە پێچەوانەوە دەبێت هەر ساتێک چاوەڕێی هەڵگیرسانەوەی ئاگری شەڕەکە بین.
فەلاحەت پیشە، هەروا گوتی: لایەنی ئێرانی دەیەوێت بنەمایەکی یاسایی بۆ بارودۆخی تازە بەدەست بهێنێنت، چونکە دەبێت ئەوە ڕوون ببێتەوە کە لە کاتی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل چی ڕووی داوە و چ سەرپێچییەکیان کردووە. بەبێ دیاریکردنی ئەو سەرپێچییانە، ناکرێت هیچ جۆرە دانوستانێک بکرێت. بە تایبەت هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە گوێرەی پەیماننامەی ڕۆما، بە تاوانی دژە مرۆڤایەتیی لەقەڵەم دەدرێت.
هەروەها بە بۆچوونی فەلاحەت پیشە، دەبێت هەر یەک لە ترەمپ و ناتانیاهۆ لە دادگای نێودەوڵەتی بخرێنە ژێر لێکۆڵینەوە و دادگایی بکرێن.
حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆکی پێشووتری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر یەکێک لە مووشەکەکانی ئێران بەر دامەزراوەی ئەتۆمیی دیمۆنا یان ناوەندێکی دروستکردنی مووشەکی ئیسرائیل کەوتبایە، کارەساتێکی گەورەی دروست دەکرد، بەڵام ئێران زۆر هۆشیارانە مووشەکی بۆ ئامانجەکان هەڵ دەدا، کەچی ئەمەریکا و ئیسرائیل گوێیان بەوە نەدا و بە مەبەست دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆمباران کرد.
گوتیشی: یەکەم جارە لە مێژوودا، دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی بە قورسترین بۆمبی جیهان، بۆمباران بکرێت، کەچی گروسی وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، خۆی بێدەنگ کردووە. سەرباری ئەوەش سەرقاڵی ئاژاوە و تاوانبارکردنی ئێرانە بەوەی کە لە چەند مانگی داهاتوودا چالاکییە ئەتۆمییەکانی دەست پێ دەکاتەوە.