تەختڕەوانچی: ئەمەریکا هێشتا وەڵامی داخوازیی ئێرانی سەبارەت بە دڵنیایی نەداوەتەوە

مەجید تەختڕەوانچی، یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی جیهانیی بی بی سی، ڕایگەیاند، هیچ کاتێکمان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا دیاری نەکردووە و دەربارەی شێوەی گفتوگۆکانیشمان هیچ ڕێککەوتنێکمان نەکردووە.
تەختڕوانچی، لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی جیهانیی بی بی سی، کە ئایا ئێستا کاتی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا نییە؟ گوتی: ئێمە هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و دانوستان بووینە. بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە لەبیر بکەین، کاتێک ئێمە لە عوممان، چاوەڕێی ئەمەریکاییەکانمان دەکرد بۆ ئەوەی گەڕی شەشەمی دانوستانەکان دەست پێ بکەین، ئیسرائیل هێرشی کردە سەرمان. ئەمەشی بە پشتیوانی و هاوکاریی ئەمەریکاییەکان بۆ جێبەجێ بوو! دواتر ئەمەریکاییەکان سەلماندیان کە ئەوان بەشێک بوونە لەو دەستدرێژییە. کەواتە ئەمەریکاییەکان دژایەتییەکی گەورەی ئێمەیان کرد، بەو بەڵگەیەی کە لێ گەڕان ئیسرائیل پەلاماری ئێران بدات. بەم جۆرە، ئەوان متمانەیان، کە بنەمای سەرەکی هەر دانوستانێکە، لەناو برد. کاتێک تۆ متمانەت بە لایەنی بەرانبەر نەبێت، چۆن دەتوانی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەیت؟
ئێمە چۆن لەوە دڵنیا بین کە ئەوان جارێکی تر پەلاماری وڵاتەکەمان نادەن؟ ئێمە ئیستا لەو قۆناغەداین. دەزانین ئەمەریکاییەکان ئامادەی گفتوگۆن، بەڵام ئەوان دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە.
یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران هەروا گوتی: ئەمەریکاییەکان دەبێ قەناعەت بە ئێمە بکەن کە ئەوان بەڕاستی دەیانەوێ دانوستان بکەن، نەک بۆ کات بەفێڕۆدان. جاری پێشوو ئەوان بە ڕاستییان نەبوو و خیانەتیان لە ئێمە کرد. ئەوان دەبێ هەوڵ بدەن متمانەی ئێمە بەدەست بهێننەوە، نەک تەنها متمانەی ئێمەی ئێرانی، بەڵکو دەبێ دڵنیایی بدەنە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوەی کە جارێکی تر بەشداری لە هیچ هەڵمەت و پەلامارێک بۆ سەر ئێران ناکەن.