گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: ڕەنگە بەم نزیکانە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێنەکاتەوە
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ئاشکرای کرد، زیانێکی زۆر بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کەوتووە، دەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیش لەگەڵ ئەمەریکا گوتی: تاوەکوو ئێستا هیچ کات و وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دیاریی نەکراوە و ڕەنگە بەمزووانەش نەکرێت.
فاتیمە موهاجیرانی لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی زیانگەیاندن بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە، بەڵام وێران نەبوون.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوسستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، وەک ئەوەی ترەمپ لە قسەکانیدا باسی کردووە، کە ئێران داوای کردووە، گوتەبێژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: ئێمە ڕێگەی دانوستان داناخەین و دەستبەرداریشی نابین، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوە دانوستان دیاریی نەکراوە، هیچ ئومێدێکیش نییە، کە وادەکە نزیک بێت.
هەروەها ئاماژەیدا، لە جەنگی 12 ڕۆژەدا 935 کەس کوژراون و 5646 کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات 3500 یەکەی نیشتەجێ بوون زیانیان پێگەیشتووە و لە نێویاندا 332 یەکەی نیشتەجێبوون دەکەونە سنووری تاران.