لە تەرتووس یاریدەدەرێکی بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی سیدنایە دەستگیر کرا
ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای تەرتووس، عەقید 'سائر حوسێن'یان دەستگیر کرد، کە یەکێک لە یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری زیندانی سیدنایە بوو.
وەزارەتی ناوخۆی سوووریا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیەوە ڕایگەیاند، دوای ئۆپەراسیۆنێکی وردی ئەمنی لەکاتی خۆحەشاردان لە ناوچەیەکی دوور لە لادێکانی تەرتووس عەقید سائر حوسێن، دەستگیرکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی سوووریا ئاماژەی بەوەش داوە، پاش دەستگیر کردنی گواسترایەوە بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.
زیندانی سیدنایە یەکێکە لە زیندانە هەرە ترسناکەکانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد، کە بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی زیندانییەکان دەدرا و دەکوژران، هەروەها پێشێلکاریی زۆر بەرانبەر بە دەستگیرکراوانی سووریا دەکرا.