سوپای ئیسرائیل بانگەشەی دەستگیرکردنی گرووپێکی سەر بە ئێران لە سووریا دەکات
سوپای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەنێو سووریا، گرووپێکی سەر بە ئێرانیان دەستگیر کردووە کە چەکیان پێ بووە.
چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: هێزێکی تایبەتیان لە درەنگانی شەودا لە باشووری سووریا، گرووپێکی چەکداریان دەستگیرکردووە کە بۆ بەرژەوەندیی ئێران کاریان کردووە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەفیخای ئەدرەعی لە پۆستێکی ئێکسدا نووسیوویەتی: ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی(ئوم ئەللوقس و عەین بەسەلی) لە باشووری سووریا، لەلایەن یەکەی لیوای 474ـی سەر بە فیرقەی 210، لەگەڵ لێکۆڵەرانی مەیدانی یەکەی 504 ـی پسپۆر لە هەواڵگریی مەیدانی ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوەش دەکات، ئۆپەراسیۆنەکە پشتی بەو زانیارییە هەواڵگرییانەوە بەستبوو کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا کۆکرابوونەوە، دەڵێت: لەم ئۆپەراسیۆنەدا، گرووپێکی سەر بە ئێرانیان دەستگیر کردووە.
ئەدرەعی ئاماژە بەوە دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، سوپای ئیسرائیل دەستیان بەسەر چەندین چەک و بۆمب و کەرەستەی سەربازیدا گرتووە کە بەدەستی ئێرانییەکانەوە بووە، دووپاتیشی کردەوە، سوپای ئیسرائیل لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ڕێگریی کردن لە گرووپەکانی سووریا کە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل، بەتایبەتیش دانیشتووانی جۆلان.
ڕۆژی 13ـی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشی فراوانی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە بەرۆکی ئێرانی گرت و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی ئێران و ژمارەیەک زانای ئەتۆمی کوژران.