ناتانیاهۆ: نابێت حه‌ماس له غه‌ززه بمێنێت
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل جارێكی دیكه هه‌ڕه‌شه له بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌كاته‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ڕێگه به‌وه ناده‌ن غه‌ززه بكرێته حه‌ماسستان.
چوارشه‌ممه، 2ـی ته‌ممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌ته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند، نابێت حه‌ماس له غه‌ززه بمێنێت، نابێت غه‌ززه بكرێته حه‌ماسستان و هه‌رگیز ڕێگه به‌وه نادات و له‌م هه‌ڵوێسته‌یشیان پاشگه‌ز نابنه‌وه و ئه‌م بابه‌ته مایه‌ی گفتوگۆ و مشت‌ومڕ نییه.
ئه‌م لێدوانه‌ی ناتانیاهۆ، هاوكاته له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه پێشنیازێكی بۆ ئاگربه‌ستی 60 پێشكه‌ش كرد و دوێنێ سێشه‌ممه ڕایگه‌یاندبوو، ئیسرائیل به مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاگربه‌سته‌كه ڕازی بووه.
چوارشه‌ممه، 2ـی ته‌ممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا گوتی، پێشنیازێكی نوێیان لە لایەن نێوه‌ندگیره‌كانه‌وه بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە پێگەیشتووە بۆ دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان له‌باره‌ی ئاگربه‌ستی شه‌ڕی غه‌ززه.
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نێوه‌ندگیره‌كان هه‌وڵی چڕ ده‌ده‌ن بۆ ڕێككه‌وتن و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕێكی جیددی دانوستانه‌كان.