عەبدولکەریم عەبتان: مووچەخۆرانی کوردستان تاوانێکیان نییە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، مووچەخۆران و فەرمانبەرانی کوردستان تاوان و گوناهێکیان نییە مووچەیان ببڕدرێت، ناکرێ مووچەی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسیی بکرێت.

عەبدولکەریم عەبتان، پەرلەمانتاری عێراق بۆ کوردستان24 دەڵێت: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چ گوناهێکیان هەیە مووچەیان پێ نادرێت، هەموومان دەزانین مووچە قوتی خەڵکە، بۆیە پێویستە ناکۆکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێت، جەختیش دەکاتەوە، نابێت کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە هیچ کێشەیەکی دیکە بکرێت.

عەبدولکەریم عەبتان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هەر کێشەیەک ئلەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و فڕۆکەخانەکان و سنوورەکان ، پێویستە بەگوێرەی دەستوور و بە ئارامی و بەوپەڕی شەفافییەت لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێت.

لە 28ـی ئایاری 2025ـەوە، تەیف سامى، وەزىری دارایی عێراق، بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى، چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى، هەرێمی کوردستان بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگاى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى .