کۆریای باکوور نزیکەی 30 هەزار سەرباز ڕەوانەی ڕووسیا دەکات

بەرپرسانی هەواڵگریی ئۆکرانیا ئاشکرایانکردووە؛ کۆریای باکوور ئامادەکاری کردووە بۆ ناردنی 25 بۆ 30 هەزار سەرباز تا هاوکاری ڕووسیا بکەن لە جەنگی ئۆکرانیا.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئۆکرانیا، سەربازەکانی کۆریای باکوور لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەگەنە ڕووسیا و دەنێردرێن بۆ بەرەکانی شەڕ، هاوکات لە مانگی نۆڤەرمبەری ساڵی ڕابردووش، کۆریای باکوور 11 هەزار سەربازی دیکەی بۆ هاوکاریکردنی ڕووسیا ناردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان، نزیکەی چوار هەزار سەربازی کۆریای باکوور لەکاتی بڵاوەپێکردنیان کوژراون و برینداربوون.

هەواڵگری ئۆکرانیا ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا توانای دابینکردنی "چەک و تەقەمەنی پێویست"ـی هەیە بۆ ئەو سەربازانەی کۆریا تاوەکوو لە ڕیزی سەربازانی ڕووسی شەڕ بکەن.

ئۆکرانیا جەختیش دەکاتەوە "ئەگەرێکی زۆر هەیە هێزەکانی کۆریای باکوور لەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە لەژێر دەستی ڕووسیادان، بەشداری شەڕەکان بکەن، ئەمەش بۆ بەهێزکردن و هاوکارییکردنی هێزەکانی ڕووسیایە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا."

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، تاوەکوو ئێستا دەیان هەزار سەرباز و هاووڵاتیانی سڤیل کوژراون و بریندار بوون، ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، هۆی بەردەوامی شەڕەکەش هاوکاریکردنی ئەمەریکا و ئەورووپایە بۆ ئۆکرانیا لە ڕووی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی، هەروەها ڕووسیاش هاوکاری مرۆیی سەربازیی لە کۆریای باکوور وەردەگرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment