غەززە.. سوپای ئیسرائیل بە بۆمبی 230 کیلۆگرامی شەڕی فەڵەستینییەکان دەکات
ڕۆژنامەی زە گاردییان، لە ژمارەی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 3ـی تەممووز 2025، بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل بە بۆمبێکی 230 کیلۆگرامی، چاخانەیەکی لە کەناراوی غەززە بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی بێتاوان کوژران و بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل، چاخانەی 'ئەلبەقا'ی لە کەناراوی غەززە، بە بۆمبی MK-82ی کە قورساییەکی 230 کیلۆگرامە و دروستکراوی ئەمەریکایە، بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی، لە ناویاندا ئافرەت و منداڵ و پیر، کوژران، یان بەسەختی بریندار بوون.
وێنەگری ڕۆژنامەی زە گاردییان، وێنەی پارچەکانی بۆمبەکەی نیشانی پسپۆڕی تایبەتی داوە و سەلمێنراوە کە ئەو بۆمبە جۆری MK-82 و لە ئەمەریکا دروست کراوە. قورساییەکەی 230 کیلۆگرامە و لە دە ساڵی ڕابردوودا، بەشێوەیەکی فراوان لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە بەکار هێنراوە.
پسپۆڕانی چەک و تەقەمەنی دەڵێن: بۆمبەکە توانایەکی وێرانکەری گەورەی هەیە و دادگا نێونەتەوەییەکان بەکارهێنانی ئەم بۆمبە دژی خەڵکی بێتاوان، بە تاوانی جەنگیی و دژە مرۆڤایەتی دەزانن.
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل بە پەیامنێری ڕۆژنامەکەی گوتووە "سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە بۆمبارانی چاخانەکە و جۆری بۆمبە بەکارهاتووەکە دەکات، چونکە ئێمە بە وردیی جۆری چەک و شوێنی بۆمبارانەکە دەستنیشان دەکەین!"
سەرچاوەیەکی پزیشکیی لە غەززە ڕایگەیاندووە لە نێوان 24 تا 36 فەڵەستینی لە ئەنجامی ئەو بۆمبارانەدا کوژراون کە فیلمسازێکی ناوداری فەڵەستینی و ئافرەتێکی 35 ساڵان و منداڵێکی چوار ساڵانیان تێدایە، ئەمە جگە لە بریندابوونی ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیان.