وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هەوڵ دەدات بۆ ناردنەوەی کۆچبەران لەگەڵ ئەفغانستان ڕێک بکەوێت
ئەلیکسەندەر دۆبرێنت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دووپاتی کردەوە، هەوڵ دەدەن لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان ڕاستەوخۆ گفتوگۆ بکەن لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو ئەفغانییانەی تاوانبارن و داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتەکەیان کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت چەند کەیسێکی سوورییەکان کێشەن بۆ ئەوان.
ئەلیکسەندەر دۆبرێنت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا کە سەر بە پارتی کریستیانی کۆمەڵایەتی باڤارییە بۆ گۆڤاری(فۆکس)ـی ئەڵمانیا گوتی: پێشتر پێویستی دەکرد لایەنی سێیەم هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان کۆببینەوە، ئەوەش کێشەکانی چارە نەدەکرد، بۆیە پێویستە ئێستا ڕاستەوخۆ لەگەڵیان کۆبینەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی لە پرۆژەی(گەڕانەوە بۆ نیشتمان) بکەین.
لە ساڵی 2021ـەوە تاکوو ئێستا، هیچ پرۆسەیەکی گەڕاندنەوەی ناچاری لە ئەڵمانیاوە بۆ ئەفغانستان جێبەجێ نەکراوە تەنها ئەو پرۆسەیە نەبێت کە بەهاوکاریی وڵاتی قەتەر ئەنجام درا کە تێیدا 28 ئەفغانی لەڕێگەی ئاسمانییەوە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرانەوە ئەفغانستان.