کەرکووک..بەهۆی خۆڵبارینەوە 100 کەس گەیەندرانە نەخۆشخانەکان
شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراقی گرتووەتەوە و بڕیارە تاکوو شەممەی داهاتوو بەردەوام بێت، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24ـیش لە کەرکووک، 100 کەس بەهۆی هەناسە تەنگی و خۆڵبارینەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.
پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند: خۆڵبارینێکی چڕ ڕووی لە شاری کەرکووک کردووە لە کاتێکدا پلەی گەرمی گەیشتووەتە 48 پلەی سیلیزی، ناوچەی چڕی خۆڵبارینەکە ناوەڕاستی شاری کەرکووک دەبێت، دەشڵێت: لەبەر ئەوەی خۆڵبارین بەردەوام لە باشووری کەرکووک هەیە، چەند ڕۆژ پێشتر 109 کەس بەهۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسییەوە گەیەندرانە نەخۆشخانەکان.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوەشدەکات، پێشبینی دەکرێت بەهۆی خۆڵبارینەکەوە پلەی گەرمیی 10 پلەی سیلیزیی داببەزێت.
تیمەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشیی، بەتایبەتیش لە نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی چارەسەریی ئەوانە بکەن کە دووچاری تەنگەنەفەسی دەبنەوە بەهۆی خۆڵبارینەکەوە.