یاریدەدەری پارێزگاری خوراسانی ڕەزەوی: 380 هەزار ئەفغانی ڕەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە

یاریدەدەری پارێزگاری خوراسانی ڕەزەوی ڕاگەیاندووە: تاکوو دوێنێ، چوارشەممە،2ـی تەممووز 2025، 380 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانیی کە بێموڵەت لە ئێران بوون، لە خاڵی سنووری دوغاروونەوە ڕەوانەی ئەفغانستان کراونەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی میهر، ئەمیروڵڵا شەمقەدری، یاریدەدەری پارێزگاری خوراسانی ڕەزەوی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا گوتوویەتی: ئێران دژی ئەفغانەکان نییە و ئەم بابەتە بەشێکە لە جەنگی دەروونی دووژمن. ئێمە لە ماوەی چل و حەوت ساڵی ڕابردوودا بە ڕێز و شکۆوە پێشوازیمان لە هاووڵاتیانی ئەفغان کردووە.
ئەمیروڵڵا شەمقەدری هەروا گوتی: جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل دژ بە ئێران، چەندان دەستکەوتی تازەی بۆ گەلی ئێران هێنایە کایە. هێزە چەکدارەکانمان و خەڵکی ئێران بەو پەڕی یەکگرتووییەوە بەرەنگاری دووژمن بوونەوە و تێکیان شکاند. لەو ماوەیەدا ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگا، 19 کۆبوونەوەی تایبەتمان دەربارەی دابینکردنی ئاسایش و بەرەنگار بوونەوەی درۆنەکانی ئیسرائیل ساز کردووە.
هەر چەند یاریدەدەری پارێزگاری خوراسانی ڕەزەوی ئەوەی ڕوون نەکردووەتەوە بۆچی لەم کاتەدا ئەفغانە بێمۆڵەتەکان دەنێرنەوە ئەفغانستان؟ بەڵام وا دیارە ئەوە پەیوەندی بەو هەواڵانەوە هەبێت، کە پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە ژمارەیەک لە ئەفغانەکان، وەک سیخوڕی ئیسرائیل، لە ئێران کاریان کردووە.